قەیرانی خوێندنەوە روو لە کتێبخانەکانی سلێمانی دەکات، لە هەر 1200 کەس تەنیا یەک کەس سەردانی کتێبخانەی کردووە کەمترین کتێبی پراکتیکی خوێندراوەتەوە و بۆ خوێندنەوەی کتێبی فەلسەفی، ناوەندی سلێمانی بەرزترین رێژەی هەیە، دوای ئەوە چەمچەماڵە.
بەپێی نوێترین ئاماری بەڕێوەبەرایەتی کتێبخانەی گشتی سلێمانی بۆ مانگی تشرینی دووەم، دەرکەوتووە رێژەی سەردانیکردن بۆ کتێبخانەکان بەراورد بە ژمارەی دانیشتوان لە ئاستێکی مەترسیداردا نزمە.
بەپێی ئامارەکە، کۆی گشتی سەردانیکەرانی کتێبخانەی گشتی سلێمانی و سەرجەم کتێبخانە لقەکان (لە قەزا و ناحییەکان) بۆ ئەم مانگە تەنیا (2013) کەس بووە.
ئەم ژمارەیە بەراورد بە ژمارەی دانیشتوانی پارێزگای سلێمانی کە زیاترە لە 2,400,000 کەس هاوکێشەکە بەم شێوەیە دەبێت:
- رێژەی سەردانیکردن: تەنیا 0.08%. بە مانایەکی دیکە: لە ناو هەر 1192 هاونیشتمانی، تەنیا 1 کەس لە مانگی 11دا رووی لە کتێبخانە کردووە.
بەپێی خشتەی داواکاریی پەرتووکەکان، کۆی گشتی ئەو کتێبانەی لەم مانگەدا داواکراون و خوێندراونەتەوە 627 کتێب بووە لە سەرجەم کتێبخانەکاندا.
کتێبە (پراکتیکییەکان) کەمترین خواستیان لەسەر بووە، کە تەنیا 10 کتێب بووە لە تەواوی پارێزگاکەدا (تەنیا لە چەمچەماڵ 7 کتێب و قەرەهەنجیر 3 کتێب).
