رووداو دیجیتاڵ سوپای پاسدارانی ئێران رایگەیاند، لە چوارچێوەی قۆناخی سێیەمی "شەپۆلی 90ـی ئۆپەراسیۆنی بەڵێنی راست 4"، چەندین پێگەی سەربازی و تەکنەلۆژیی ئەمریکا و ئیسرائیلیان لە ناوچەکە کردووەتە ئامانج، لە نێویاندا ناوەندێکی گەورەی کۆمپانیای ئەمازۆن لە بەحرێن. رۆژی پێنجشەممە، 2ـی نیسانی 2026، سوپای پاسداران لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە: "دوژمنی ئەمریکی - سەهیۆنی کە لە بەرەکانی جەنگدا شکستی هێناوە و کەشتییە جەنگییەکانی ناوێرن لە هەزار کیلۆمەتریی گەرووی هورمز نزیک ببنەوە، پەنایان بۆ تیرۆرکردنی بەرپرسان و خێزانەکانیان بردووە." بەگوێرەی راگەیێندراوەکە حەوت بنکەی ئاسمانیی هێزەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل کراونەتە ئامانج . سوپای پاسداران لە راگەیێندراوەکەیدا ئاماژە بەوە دەکات، بۆ یەکەمجار هێرشیان کردووەتە سەر کۆمپانیا تەکنەلۆژییەکان کە بە "سیخوڕ و هاوکار لە تیرۆرەکاندا" ناویان دەبات و دەڵێت، ناوەندی کۆمپیوتەریی (Cloud)ـی کۆمپانیای ئەمازۆن لە بەحرێن کردووەتە ئامانج .
