رووداو دیجیتاڵ
گورزێکی کوشندە بەر ریال مەدرید کەوت پێش یاریی گەڕانەوەی قۆناخی هەشتی چامپیۆنزلیگ بەرامبەر بایرن میونشن، کە یانەی شاهانە لەو یارییە گرنگەدا بێبەش دەبێت لە تواناکانی یاریزانێکی هەرە کاریگەری.
یانەی بایرن میونشنی ئەڵمانی بەسەرکەوتنێکی گرنگەوە لە یاریگای سانتیاگۆ بێرنابیۆ گەڕایەوە، دوای ئەوەی بەئەنجامی دوو گۆڵ بەرامبەر بە گۆڵێک لە ریال مەدریدی ئیسپانی بردەوە لە یاریی چوونی قۆناخی چارەکی کۆتایی خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەورووپا.
لەو یارییەدا ئاستی بەرگری ریال مەدرید هەڵەی کوشندەی بەخۆوە بینی و تیپە باڤارییەکە سوودی لە هەموو دەرفەتەکان وەرگرت، لەکاتێکدا یانە شاهانەکە تاکە گۆڵەکەی لەڕێگەی کیلیان ئێمباپێی فەرەنسییەوە تۆمارکرد، تاوەکو دەرگای سەرکەوتن بۆ یاریی گەڕانەوە بە کراوەیی بمێنێتەوە.
ئەوەی جێگەی نیگەرانییەکی زۆر بوو بۆ هاندەرانی ریال مەدرید ئەوەبوو کە دۆڕانەکە تەنیا ئاڵنگارییەک نەبوو، بەڵکو ریال مەدرید پێش یاریی گەڕانەوە لە یاریگای ئالیانز ئەرێنا گورزێکی کوشندەشی بەرکەوت، ئەویش بەهۆی بێبەشبوونی ئۆریلیان چوامینی، یاریزانی هێڵی ناوەڕاستی فەرەنسی، کە لە یاریی چووندا کارتی زەردی وەرگرت و بۆ یاریی داهاتوو راگیرا.
