دوای 24 کاژێر لە گەمارۆ بۆسەر بەندەرەکانی ئێران، فەرماندەی ناوەندی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) لە ئێکس بڵاویکردەوە، لەو ماوەیەدا هیچ کەشتییەک بە رێڕۆ ئاوییەکەدا تێنەپەڕیوە؛ ئاماژە بەوەش دەکات، زیاتر لە 10 هەزار سەربازیان لە ئەرکەکەدا بەشدارن.
رۆژی سێشەممە، 14ـی نیسانی 2026، سێنتکۆم لە ئێکس بڵاویکردەوە: "زیاتر لە 10 هەزار دەریاوان، مارێنز و سەربازی هێزی ئاسمانی ئەمریکا لەگەڵ زیاتر لە دەرزەنێک کەشتیی جەنگی و دەرزەنێک فڕۆکە، ئەرکی گەمارۆدانی ئەو کەشتییانە جێبەجێ دەکەن کە دەچنە نێو بەندەرەکانی ئێران یان لێی دەچنە دەرەوە".
سێنتکۆم دەشڵێت: "لە 24 کاژێری یەکەمدا هیچ کەشتییەک نەیتوانیوە لە گەمارۆکەی ئەمریکا تێپەڕێت و 6 کەشتیی بازرگانی پابەندی رێنماییەکانی هێزەکانی ئەمریکا بوون بۆ گەڕانەوە و چوونەوە نێو بەندەرێکی ئێرانی لە دەریای عومان". ئەمە لە کاتێکدایە پێشتر میدیای ئێرانی بڵاویکردبووەوە، رێگەیان بە تێپەڕبوونی ژمارەیەک کەشتی بە تەنگەکەدا داوە.
رۆژی یەکشەممە، سێنتکۆم بڵاویکردەوە، لە کاژێر 10:00ی بەیانی بە کاتی واشنتن دی سی (کاژێر 17:00 بەکاتی هەولێر) رۆژی دووشەممەوە گەمارۆ دەریاییەکە دەچێتە واری جێبەجێکردنەوە.
سێنتکۆم لە نووسینەکەیدا لە ئێکس دەڵێت: "گەمارۆکە بە شێوەیەکی بێلایەنانە بەسەر کەشتییەکانی هەمو وڵاتاندا جێبەجێ دەکرێ دەچنە نێو یان لە بەندەر و ناوچە کەناراوەکانی ئێران دەچنە دەرەوە، لەنێویاندا هەموو بەندەرەکانی ئێران لە کەنداوی عەرەبی و دەریای عومان".
