رووداو دیجیتاڵ
سوپای پاسدارانی ئێران رایگەیاند، لە چوارچێوەی گەڕی 44ـەمینی ئۆپەراسیۆنی "بەڵێنی راستگۆی 4" بە درووشمی "یا شدید العقاب"، بە لێشاوی مووشەکی "خەیبەرشکن" کە کێشی کڵاوە جەنگییەکانیان یەک تۆنە، چەندین ئامانجیان لە نێو خاکی ئیسرائیل پێکاوە. بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، ناوچەکانی تەلئەڤیڤ، قودسی رۆژئاوا و ئیلات کراونەتە ئامانج.
سوپای پاسداران دەڵێت: ئەم هێرشانە لە شەوی 23ـی مانگی رەمەزان و لە لێواری رۆژی قودس دا ئەنجامدراون، وەک وەفایەک بۆ یادی شەهیدانی رێگەی قودس و بەتایبەت شەهید حوسێن سەلامی.
هەر بەگوێرەی راگەیێندراوەکەی سوپای پاسداران، جگە لە ئیسرائیل، بنکەی ئاسمانی 'موەفەق سەڵتی' و بە مووشەک و درۆن هێرش کراوەتە سەر چەند بنکەیەکی دیکەی هێزەکانی ئەمریکا لە مەنامەی پایتەختی بەحرێن و شاری هەولێر لە هەرێمی کوردستان.
لە بەشێکی دیکەی هەواڵەکەدا، سوپای پاسداران رایگەیاندووە، بەرگریی ئاسمانیی 'بەرەی بەرگری' توانیویەتی فڕۆکەیەکی سووتەمەنی هەڵگری ئەمریکایی لە جۆری (بۆینگ کەی سی-135) بخاتە خوارەوە، لەو کاتەی خەریکی گەیاندنی سووتەمەنی بووە بە فڕۆکەیەکی جەنگی، کە بەهۆیەوە 6 ئەندامی تیمی فڕۆکەکە کوژراون.
بابەتی پەیوەندیدار
ئێران 25/03/2026
وەزیری دەرەوەی ئێران: هیچ دانوستاندنێک لە ئارادا نییە
ئێران 25/03/2026
مەشهەد بەچڕی بۆردوومان دەکرێت
لە راگەیێندراوەکەدا، سوپای پاسداران پەیامێکی تووند ئاڕاستەی واشنتن دەکات و دەڵێت: "دەبێت سەربازانی ئەمریکا بە خێرایی ناوچەکە چۆڵ بکەن، دەنا لە هەر شوێنێک بن، لە هۆتێلەکان، تونێلەکان، شارە پیشەسازییەکان یان پەناگە ژێرزەوییەکان، لەژێر داروپەردووی هێرشەکانماندا دەیاننێژین."
سوپای پاسداران جەختی کردووەتەوە کە "ئازادکردنی قودس و لەنێوبردنی ئیسرائیل" ئامانجی کۆتایی ئەوانە.
