رووداو دیجیتاڵ
لەم رۆژانەدا عێراق توانای بەرهەمهێنانی نەوتی بۆ قۆناخی پێش 2003 کەمبووەتەوە و بڕی هەناردەکراویشی بۆ بازاڕەکانی جیهان تەنیا لە رێگەی هەرێمی کوردستانەوەیە بۆ بەندەری جەیهان، ئەگەر تەنگەی هورمز نەکرێتەوە، دەرچەکانی دیکەی وەکو سووریا و ئوردن بەخێرایی کاری تێدا نەکرێت بۆ زیادکردنی هەناردەکردن، ئەوا لەم مانگەدا بڕی هەناردەکردن ئەو 300 هەزار بەرمیلە دەبێ کە 250 هەزار بەرمیل لە کێڵگەکانی کەرکووک و نزیکەی 50 هەزاریشی لە هەرێمی کوردستانەوە سەرچاوە دەگرێت.
ئەم کەمبوونەوەیەش هاوشێوەی دابەزینی نرخی نەوت دووبارە ئەم پرسیارانەی زیندووکردەوە: عێراق دەتوانێت مووچە بدات کە داهاتی نەوتی بە رێژەی 90٪ کەمیکردووە؟ تاوەکو کەی دەتوانیت بەردەوام بێت؟ راستە کێشەی نەختینە "پارەی کاش"ـی بۆ دروستدەبێت؟ تاوەکو چەند دەتوانێت یەدەگی بانکی ناوەندی بەکاربهێنێت؟
پێش جەنگ، عێراق رۆژانە 3 ملیۆن و 566 هەزار بەرمیل نەوتی بەسرە و هەرێمی کوردستان هەناردەکردووە، بەڵام لە سەرەتای جەنگەوە تاوەکو 17ی مانگ بڕی هەناردەکردن نزیکبووە لە سفر و لە 18ی مانگەوە جارێکی دیکە دەستکراوە بە هەناردەکردنی نەوت بە بڕی 250 هەزار بەرمیلی رۆژانە، ئەمەش سەرەڕای بەردەوامی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان بۆ بەندەری جەیهان کە بڕەکەی زۆر کەمبووە و لەنێوان 35 بۆ 40 هەزار بەرمیلە لە رۆژێکدا.
بەپێی پەیمانگەی ئابووریی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، نرخی نەوتی کەرکووک لە بازاڕەکانی ئەورووپا بە دوو دۆلار و لە بازاڕەکانی ئەمریکا بە دۆلار و نیوێک زیاتر لە برێنت دەفرۆشرێت، بەڵام نەوتی هەناردەکراوی کێڵگەکانی هەرێمی کوردستان بۆ ئەورووپا بە 4.7 دۆلار بۆ بەرمیلێک و بۆ بازاڕەکانی ئەمریکا بە 5.1 دۆلار کەمتر فرۆشراوە بەپێچەوانەی کەرکووکەوە.
راستە نرخی بەرمیلێک نەوتی برێنت لە سەروو 110 دۆلارەوە مامەڵەی پێوە دەکرێت، ئەگەر عێراق بتوانێت دەرچەی دیکە لە دەرەوەی ئەو بڕەی هەناردەی جەیهان دەکرێت زیاتر بکات ئەوا هەناردەکردنی یەک بەرمیل نەوت لەم رۆژانەدا وەک دوو بەرمیلی رۆژانی سەرەتای 2026، هەر بۆیەش دەبێت عێراق بڕی هەناردەکردن زیاتر بکات ئەگەر بە تانکەریش بێت.
لە رووی داهاتەوە، مانگی ئادار 2026 هێشتا دیار نییە چۆن دەبێت، بەڵام لە ساڵانی رابردوو عێراق دوو مانگی زۆر خراپی بەهۆی دابەزینی نرخەکانەوە بەڕێکردووە، بەشێوەیەک لە مانگی ئادار 2014 و 2020 دا عێراق نزیکەی 2 ملیار دۆلارێک داهاتی بۆ هاتووەتەوە.
بڕی نەوتی هەناردەکراوی عێراق و داهاتەکەی لە کانوونی دووەمی 2011وە بۆ شوبات 2026
لە ماوەی 15 ساڵی رابردوودا عێراق چەندین مانگی جیاواز رووبەڕووی کەمبوونەوەی داهاتی نەوت بووەتەوە بە هۆکاری جیاواز، وەک مانگەکانی سەرەتای بڵاوبووونەوەی کۆرۆنا لە 2020دا، کە لە مانگی نیسانی ئەو ساڵەدا داهاتەکەی 1.5 ملیار دۆلار بوو و کۆی ساڵەکە داهاتەکەی 41.9 ملیار دۆلار بووە.
هەروەها ساڵی 2016 جارێکی دیکە داهاتی مانگانەی عێراق کەمبووەوە و لە مانگەکانی سەرەتادا دوو ملیار دۆلارێک بوو و کۆی ساڵەکەش 43.5 ملیار دۆلار بووە. ئەو دوو ساڵەی سەرەوە هەناردەکردنی نەوتی رۆژانە کەمی نەکردووە لە عێراقەوە، بگرە لە نیسانی 2020دا 3.43 ملیۆن بەرمیل نەوتی رۆژانە بووە، بەڵام لەو مانگەدا نرخی نەوت گەشتە 15 دۆلار بۆ بەرمیلێک.
جیاوازییەکەی ئەم جارەی کەمبوونەوەی داهاتی نەوتی عێراق بە پێچەوانەی ساڵانی پێشووترە و بەهۆی کەمبوونەوەی نرخەوە نییە، بەڵکو بەهۆی نەمانی رێگەی هەناردەکردنەوەیە، بەپێی داتاکانی وەزارەتی دارایی عێراق لە 2025دا، نەوت رێژەی 88٪ کۆی خەرجییەکانی دابینکردووە و 12٪ لە داهاتی نانەوتییەوە دابینکراوە.

